لەبارەی گۆڤار

گۆڤارێکی وەرزانەی پێداچونەوەی هاوتاکراوە کە لە لایەن ئەکادیمیای کوردی لە هەولێر بڵاو دەکرێتەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەدواوە.

لەبارە

گۆڤارێكی زانستیی وەرزییە، ئەكادیمیای كوردی دەری دەكات، بایەخ بە توێژینەوەى ڕەسەن و پێشکەوتوو لە بوارەكانی زمان، ئەدەب، دیرۆك، جوگرافیا، فۆلکلۆر، کۆمەڵناسى، فەلسەفە، زانستى کردەکى، توێژینەوەى بەراوردکارانە، نێوان بوارە زانستییەکان، فەرهەنگناسیى کوردى، كولتووری كوردی بەگشتى دەدات. گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى ڕەسەنەوە، بایەخێکى زۆر بە کێشەى زاراوەسازى لە هەموو ئەو بوارانەدا دەدا. ئەم گۆڤارە توێژینەوە بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەكاتەوە. گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، درێژەى گۆڤارى کۆڕى زانیاریى کوردییە کە پێشتر لە سەردەمى کۆڕى زانیارى کوردیدا دەردەچوو، چەندان نووسەر و توێژەرى پێشکەوتووى کورد کاریان تێدا دەکرد و بەرهەمى ڕەسەنیان تێدا بڵاودەکردەوە.

ئەمڕۆش، ئەم گۆڤارە، بە هەمان ڕوانینى ڕەسەن و وردەکارانەوە، لە ڕێگەى دەوڵەمەندکردن و پێشخستنى ئاستى توێژینەوەى زانستى لەو بوارانەدا، درێژە بە خزمەتى خۆى دەدات. گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى، خواست و هیواى زۆرى هەیە، لە ئاییندەیەکى نزیکدا، گەشە بە بەرزرکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى توێژینەوەى کوردى بدات، بە تایبەتى لە ڕووى نوانەسازى و ئاماژەپێوى ئاستێکى ئەکادیمیى جیهانى بەدەست بهێنێت. ئامانجى ئەم گۆڤارە، بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستیى ڕەسەن و پێشکەوتووە. ژمارەی یەکەمی گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بڵاو بووەتەوە. گۆڤارى ئەکادیمیاى کوردى لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستيی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەند کراوە و بۆ بەرزكردنەوەی پلەی زانستی باوەڕپێكراوە.